ماوەی بینین زۆر کەم دەبێتەوە

ئەمڕۆ و سبەینێ خۆڵبارین لە عێراقەوە دێتە لای خۆشمان

ئەحمەد مستەفا

لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە، شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ روو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات ئەم شەپۆلە زیاتر باشوور و ناوەڕاستی عێراق و بۆ سبەی دووشەممە، 18ی مانگ دەگاتە باشوور و رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان.

ماوەی بینین لەم ئاستەدا بۆ کەمتر لە 100 مەتر کەم دەبێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17.5.2026، سالار عەلی، شارەزای کەشناسی بە 964ی وت، ئەم خۆڵبارینە کاریگەریی زۆری لەسەر تەندروستیی هاوڵاتییان دەبێت، بەتایبەت نەخۆشانی کۆئەندامی هەناسەدان وەک سییەکان.

بۆیە چەند رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە کە لەم خاڵانەی خوارەوە خۆی دەبینێتەوە:

– دەرگا و پەنجەرەکان دابخەن
– لە دەرچوونی ناپێویست خۆتان بپارێزن
– ماسک و چاویلکەی پارێزەر بەکاربهێنن
– شۆفێران خێرایی کەمبکەنەوە و ئاگاداری کەمیی بینایی بن

جۆری خۆڵبارینەکە تۆزی بیابانی وردە (Desert Dust) کە لە بیابانەکانی عەرەبستان و سوریاوە هاتووە و پلەی گەرما لە ناوچە کاریگەرەکاندا لە نێوان 35 بۆ 38 پلەی سیلیزی دەبێت لە ناوەندی رۆژدا؛ لە ناوچە شاخاوییەکانیش لە سەرووی 15 پلەوە بۆ نزیکەی 30 پلە دەبێت.

ئەو دەڵێ، چڕیی خۆڵ بەپێی مۆدێلی WRF-Chem دەگاتە پلەی 5 و 6؛ پلەی 5 خۆڵبارینی زۆر بەهێزە بە چڕیی 500 بۆ 2000 میکرۆگرام لە مەتر سێجا و پلەی 6ـیش خۆڵبارینی مەترسیدارە بە چڕیی زیاتر لە 2000 بۆ 10000 میکرۆگرام لە مەتر سێجا و مەودای بینین بۆ کەمتر لە 100 مەتر دادەبەزێت.