رۆژهەڵات هونەری باشور رادەگرێت
پەرستۆ ساڵح-لایف ستایڵ
چەندان هونەرمەندی باشووری کوردستان بۆ هاوسۆزی دۆخی کوردانی رۆژهەڵات، کارە هونەرییەکانیان رادەگرن.
هونەرمەند نەریمان بابان، یەکێک بوو لەو هونەرمەندانەی کە ماوەی مانگێک کلیپی ستوونی راگرت و بڵاوی نەکردەوە، ئەو دەڵێ دواجار لەسەر داوای هەواداران ناچاربووم بڵاوی بکەمەوە.
زۆرێک لە هونەرمەندانی تر هاوشێوەی نەریمان بابان، یان ئەوەتایە کارەکانیان دواخست یانیش هەر بڵاویان نەکردەوە، تەنانەت هونەرمەندانی وەک ناسر رەزازی و نەجمەی غولامی، پەیج و ئەکاونتەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووەتە سەکۆی بلاوکردنەوەی چالاکی و هەواڵی بارودۆخی رۆژهەڵات.
هونەرمەند بڕیار رزگار، بە میدیازانی وت “بەهۆی ئەوەی کارە هونەریەکانی من پۆزەتیڤە، ناتوانم ئێستا بڵاوی بکەمەوە، چونکە بەڕاستی بارودۆخی کوردانی رۆژهەڵات خراپەو رەنگە زۆر دوایبخەم”.
میدیازان دەزانێت، زۆرێک لە گۆرانیبێژ و هونەرمەندان، وەک هاوسۆزییەک بۆ دۆخی رۆژهەڵات بڵاوکردنەوەی گۆرانییە شادی بەخشەکانیان راگرتووە، وەک نەوید زەردی و سەنا بەرزنجی و بڕیار رزگار و دیلان هونەر.
راگرتنی بەرهەمە هونەرییەکان لای هونەرمەندان، هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە هونەرمەندان بە هونەرەکەیان پشتیوانی خۆیان بۆ دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوەو هەندێکیان گۆرانیان لەسەر ژینا سەقزی وتووە.