بۆ یەکەم جار لە هەرێم

گەنجانی هەڵەبجە فێری دانانی “شۆڤاژ” دەکرێن

ژێوار خدر

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، خولێکی تایبەت بە راهێنانی راهێنەران لە بواری “سیستەمی شۆڤاژ” کۆتایی هات و گەنجانی هەڵەبجەش لەرێگەی ئەم خولەوە دەبنە خاوەنی پیشەیەکی نوێ و دەگمەن لە بازاڕدا.

ئاراس جەمال، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی هەڵەبجە رایگەیاند، خولەکە لە شاری دهۆک بۆ 14 راهێنەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجام دراوە، ئاماژەی بەوەش کرد، مەبەست لەم هەنگاوە گواستنەوەی نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەمیانەیە بۆ ناوەندەکانی راهێنان تا گەنجانی بێکار فێری ئەم پیشەیە بن و راستەوخۆ بچنە ناو بازاڕی کارەوە.

ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئەنجومەنی پەنابەرانی دانیمارکی (DRC) و بە پاڵپشتی رێکخراوی GIZی ئەڵمانی جێبەجێ کراوە، کە تێیدا پڕۆگرامێکی یەکگرتوو بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی ئامادە کراوە. لەرێگەی ئەم پڕۆگرامە نوێیەوە، سەرجەم ناوەندەکانی هەرێم دەتوانن بە یەک ستاندارد راهێنان بە گەنجان بدەن تا ببنە خاوەن پڕۆژەی سەربەخۆی خۆیان لە بواری سیستەمی گەرمی زەمینیدا.