ئاڵای چین و ئەمریکا
پاڵپشتیکردنی ئێران و سەربەخۆیی تایوان
چین و ئەمریکا رەنگە ئەمڕۆ زۆر شت یەکلایی بکەنەوە
ژووری هەواڵ
سەرۆکی چین دەیەوێت ئەمریکا واز لە “سەربەخۆیی تایوان” بهێنێت و دەڵێت “سەربەخۆیی تایوان و ئاشتی لە گەرووی تایوان وەک ئاو و ئاگرن و پێکەوە نابن”، لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن روون و رەوان بە پەکینی وتووە، هەر جۆرە پاڵپشتیکردنێکی ئێران، زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکەیان دەگەیەنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.5.2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەکینی پایەختی چینە و لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و بەپێی هەواڵی ئاژانسی شینخوا، سەرۆکی چین لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کرد سەربەخۆیی تایوان و ئاشتی لە گەرووی تایوان هەرگیز یەکناگرنەوە و وتیشی: داوا لە ئەمریکا دەکەین بەوپەڕی داناییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی تایواندا بکات.
ئەو ئاژانسە باسی لەوەکرد، کە شی بە ترەمپی وتووە، پرسی تایوان گرنگترین بابەتە لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر ئەم پرسە بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان سەقامگیر دەبن.
شی ئەوەشی خستەڕوو، کە دوێنێ، تیمە ئابووری و بازرگانییەکانی چین و ئەمریکا ئەنجامی هاوسەنگ و ئەرێنییان بەدەستهێنا. وتیشی: ئەمە هەواڵێکی خۆشە بۆ گەلانی هەردوو وڵات و هەموو جیهانیش.
لە بەرامبەردا، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، مەلەفی پاڵپشتیکردنی ئێران لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆ لەگەڵ چین تاوتوێ دەکرێت.
روبیۆ ئاماژەی بەوەشدا، “واشنتن روون و رەوان بە پەکینی وتووە، هەر جۆرە پاڵپشتیکردنێکی ئێران، زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکەیان دەگەیەنێت”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد، هیوادارن پەکین رازی بکەن کە رۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت لە رازیکردنی ئێران بۆ پاشەکشەکردن لە پراکتیزەکانی لە ئاوەکانی کەنداو.
گەرووی تایوان (Taiwan Strait) رێڕەوێکی ئاویی ستراتیژی و گرنگە کە درێژییەکەی 180 کیلۆمەترە و دوورگەی تایوان لە چین جیادەکاتەوە. ئەم ناوچەیە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان چین و تایوان و هەروەها تێپەڕبوونی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، ناوچەیەکی پڕ لە گرژی و مانۆڕی سەربازییە.