شایستە داراییەکان چارەسەردەکرێ
لە تاقیکردنەوەکان مامۆستا کوردەکانی خورماتوو رۆڵی چاودێریان پێ دەدرێ
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
مامۆستا کوردەکان ئەرکی چاودێریی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەیان پێ دەردێ و دوای ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی و بەدواداچوون کێشەی شایستە داراییەکانیان بۆ چارەسەر دەکرێ.
پێشتر گرفتی نەبوونی ماستەرکارت رێگربوو لەوەی بۆ قوتابییە کورد زمانەکان، مامۆستا کوردەکان چاودێر بن، وە نزیک بە 70 مامۆستای چاودێری تاقیکردنەوە گشتییەکان کە بەشداربوون شایستەیان پێ نەدرا، بەڵام وا بڕیارە ئەو گرفتەیان بەرەو کۆتایی بچێ و بڕیاری خەرجکردنی پارەکەیان دراوە.
ئەحمەد رەمەزان، سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی بە 964ی رایگەیاند، بڕیار دراوە سەرجەم کێشە و ئاستەنگەکانمان چارەسەر بکرێ، ئێستا تەنیا چەند ڕێکارێکی کورتی کارگێڕی ماون کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا تەواو دەکرێن، دوای ئەوەش مامۆستایان بە شێوەیەکی فەرمی شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی دەڵێ، چیتر رێگە نادرێت مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە خورماتوو پشتگوێ بخرێن و سیستەمی دابەشکردنی چاودێرەکان هاوشێوەی پارێزگای کەرکوکی لێ دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار و گرفتە تەکنیکییەکان بۆ قوتابیانی کورد لە کاتی تاقیکردنەوە وزارییەکاندا.
بورهان کەریم، یەکێک لە مامۆستایانی قەزاکە وێڕای ئاماژەدان بەو گرفتانەی لە ماوەی رابردوودا رووبەڕوویان بووەوە، وتی، دوای ماندووبوونێکی زۆر و هەوڵی بەردەوام بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان، ئێستا دڵخۆشین کە دەبینین کێشەکە بەرەو چارەسەر چووە و شایستە داراییەکانمان خەرج دەکرێت.
پێشتر بێبەشکردنی مامۆستایانی کوردی خورماتوو لە پرۆسەی چاودێریکردنی تاقیکردنەوەکانی پۆلە کۆتاکان، ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتبووەوە، بەڵام بەم بڕیارە نوێیە هاوسەنگی بۆ پرۆسەکە گەڕاندەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا