هەڵاتوون و پۆلیس بەدوایانەوەیە

ویستیان ماتۆڕێک بدزن بەڵام نەیانتوانی و کافتریاکەیان بەر فیشەکدا

میلاد جەلال – گەرمیان

دوو بۆرە دز مشتیان لە ماتۆڕێکی بەردەم کافتریایەک خۆش کرد، کەشفبوون و پێیانزانرا، ئەوانیش لە داخا و لەکاتی هەڵاتن کافتریاکەیان دایەبەر دەستڕێژی گولـلە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە ئەمڕۆ بڵاوبۆتەوە، دوو کەس بە ماتۆڕێک دەچنە بەردەم کافتریایەک لە کەلار بۆ دزینی ماتۆڕێک، بەڵام پێیان دەزانن و ھەڵدێن، دواتر دەگەڕێنەوە و کافتریاکە بەر فیشەک دەدەن.

سۆران حەمەغەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ـی وت، “رووداوەکە مانگی پێشوو رویداوە، بەڵام ئەمڕۆ ڤیدیۆکە دەست میدیاکان کەوتوە و بڵاوبۆتەوە، فەرمانی گرتن بۆ ئەو دوو کەسە دەرچووە”.

“ئەو دوو کەسەی کە ویستویانە ماتۆڕەکە بدزن لەلایان پۆلیس ناسراونەتەوە، دانیشتوی کەلارن و پێشینەی تاوانیان ھەیە، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراون و بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵھاتوون”، سۆران حەمەغەریب وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزەکانی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان بەردەوامن لە گەڕان بۆ دەستگیرکردنیان، بەڵام تا ئێستا نەگیراون، چەندینجار ھێزە ئەمنیەکان ڕۆشتونەتە ماڵیان، بەڵام لەماڵەوە نەبوونە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری