باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق:

خەریکە کارمەندەکانمان لە بەغدا و هەولێر دەگەڕێنەوە سەر کار

ئەرسەلان عەبدوڵا

باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بابەتی پێدانی ڤیزای روونکردەوە و ئاشکراشیان کردووە، ستافی باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا و کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر لە پرۆسەی گەڕانەوەدان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان.

باڵیۆزخانەکە ئەمڕۆ دووشەممە 11.5.2026 ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا ناتوانن وادەی کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان دیاریی بکەن.

رۆژی 10.3..2026 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەڵمانیا بەشێوەیەکی کاتی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا کشاندووەتەوە، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنی مەترسییە ئەمنییەکان و ململانێی بەردەوامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

باڵیۆزخانەکە لە راگەیاندراوەکەیدا دەڵێن، زۆرجار پرسیاریان لە بارەی دۆخی ئێستای خزمەتگوزارییەکانی کونسوڵگەری و پێدانی ڤیزاوە پێدەگات، بەڵام بەداخەوە ئێستا ناتوانرێت وادەیەکی دیاریکراو بۆ کردنەوەی خزمەتگوزاری کونسوڵگەری و ڤیزا دیاریی بکرێت.

باڵیۆزخانەکە هەروەها ئاشکرایان کردووە، ستافەکەیان لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر خەریکن دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان بۆ ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان و گەڕانەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان.