دڵنیایش دەدات بەوانەى ناویان لە لیستى یەکەمدا نییە

وەزیرى پێشمەرگە: پلەبەرزکردنەوەى ئەفسەرە قارەمانەکانمان رادەگەیەنین

وریا فەتاح

وەزیرى پێشمەرگە، خشتەکانى پلەبەرزکردنەوەى ئەفسەرانى سەر بە وەزارەتەکەى راگەیاند و دڵنیایش دەدات بەو ئەفسەرانە کە ناویان لە خشتەکانی دیکەدایە، بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە.

لە پەیامێکدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرە قارەمانەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رادەگەیەنین، لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە کە وەک تیمێکی یەکگرتوو هەوڵێکی زۆرمان داوە تا ئەم پرۆسەیە لە کات و ساتی یاسایی خۆیدا جێگیر بکەین.

دەشڵێت: بڕوای تەواومان وایە کە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران، دەبێتە وزەیەکی نوێ و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزترەوە وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە پارێزگاریکردن لە خاک و شکۆی گەلی کوردستان بەردەوام بن.

لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەدا هاتووە،” دڵنیایی بە ئەو ئەفسەرانە دەدەین کە ناویان لە خشتەکانی دیکەدایە، بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە”.

.