چوار کەشتى پەکخراون

سێنتکۆم: زیاتر لە 20 کەشتی جەنگی گەمارۆی سەر ئێران دەسەپێنن

وریا فەتاح

بەپێی نوێترین راگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، هێزە دەریاییەکانیان تادێت رێکارەکانی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران توندتر دەکەن و ئاماری نوێی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەریای عەرەبی ئاشکرا کرد.

لە بڵاوکراوەیەکی فەرمی سێنتکۆمدا هاتووە، لە ئێستادا زیاتر لە 20 کەشتی جەنگیی ئەمریکی لە ئەرکدان بۆ سەپاندن و جێبەجێکردنی تەواوەتیی گەمارۆکەی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

سێنتکۆم ئاماری چالاکییەکانیشی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هیچ کەشتییەک گەمارۆکە ناشکێنێت، هێزەکانیان تا ئێستا رێگرییان لە چەندین کەشتی کردووە. لەو چوارچێوەیەدا، ئاراستەی 61 کەشتی بازرگانی گۆڕدراوە (گەڕێندراونەتەوە) و چوار کەشتی دیکەش کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پەکخراون .

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەدا، سێنتکۆم ئاماژەی بە جووڵەی بەشێک لەو هێزە دەریاییە گەورەیە کردووە لە دەریای عەرەبی. بەپێی زانیارییەکان، کەشتی جەنگی (USS John Finn – DDG 113) لە دوای هەریەک لە کەشتییەکانی (USS Milius)، (USNS Carl Brashear) و کەشتی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی (USS George H.W. Bush – CVN 77)ەوە دەگەڕێت و بە هاوبەشی چاودێری ناوچەکە و جێبەجێکردنی گەمارۆکە دەکەن.