هاتوچۆی سلێمانی بۆ هاوڵاتیان و شۆفێران؛
“نزیک رووداوی ئاگرکەوتنەوەکان مەبنەوە و کارئاسانی بکەن”
شۆڕش قادری
هاتوچۆی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان و شۆفێران دەکات، لەکاتی رووداوی ئاگرکەوتنەوە نزیکی شوێنەکە نەبنەوە، بۆ ئەوەی مەترسی بۆسەر گیانی خۆیان دروست نەکەن و کارئاسانی بۆ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە ئاگادارییەکدا بۆ شۆفێران و هاوڵاتیان دەڵێت، لەکاتی بوونی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە نزیک شوێنی رووداوەکە مەبنەوە و تا دەتوانن خۆتان بەدووربگرن لەپێناو سەلامەتی گیانی خۆتان و کارئاسانی بۆ تیمەکانی بەرگری شارستانی و سەرجەم تیمە فریاگوزارییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بەزووترین کات رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەر ئێستا لە نزیک بینای پارێزگای سلێمانی، حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە هەیە و شەوی رابردووش کۆگایەکی سووتەمەنی لە گەڕەکی تانجەرۆ سووتا.