"بە شەویشدا هەمان شتە"

نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی سلێمانی قەرەباڵغی دروستکردووە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی ناو شاری سلێمانی قەرەباڵغی دروستکردووە و شارەوانی سلێمانیش دەڵێت، بە شەویشدا هەمان شتە و هەر قەرەباڵغی دروست دەبێت.

ماوەیەکە شارەوانی سلێمانی دەستیکردەوە بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنی شەقامەکانی ناو شار و ئەمەش قەرەباڵغی دروستکردووە و هاتوچۆی هاوڵاتییانی زەحمەت کردووە.

توانا بەهادین، بەرپرسی ئامێرەکانی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، شەش تیمی شارەوانی سلێمانی بە هاوکاری بەڵێندەران، لەسەر بودجەی شارەوانی سلێمانی سەرقاڵی نۆژەنکردنەوە و چاککردنی رێگاوبانەکانی ناو شارن.

964 گلەیی هاوڵاتییانی گەیاندە ئەو بەرپرسەی شارەوانی و پرسیاری ئەوەی لێکرد “بۆچی بە شەودا کار ناکەن؟” توانا بەهادین لە وەڵامدا وتی: ئێمە بە شەو و لە رۆژە پشووەکانیشدا کارمان کردووە، بەڵام بە شەویشدا ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەبێت، بۆیە شەو و رۆژ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی شارەوانی سلێمانی، ماوەیەک لەمەوبەر بە شەودا بەشێکی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمودیان نۆژەن کردووەتەوە، بەڵام قەرەباڵغییەکەی بەراورد بە رۆژ زیاتر بووە.