دەیەوێت خەڵکی دیکەش ئەو کارە دووبارە بکەنەوە

مامۆستایەک بە خۆبەخشی شەقام و شۆستەکانی رانیە چاک دەکات

فەرمان مەلا حەسەن – رانیە

مامۆستایەک لە رانیە بە خۆبەخشی هەڵمەتێکی بۆ پڕکردنەوەی چاڵی شەقامەکان دەست پێکردووە و دەیەوێت بەشێک لە گرفتەکانی رێگاوبان چارەسەر بکات.

مامۆستا حەکیم رەسوڵ بۆ مایکی 964ی قسەی کرد و وتی”شەقامەکان پڕ بوونە لە چاڵ و  دەمەوێت لەسەر ئەرکی خۆم پڕیان بکەمەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چیمەنتۆم کڕیوە و کۆمەڵێک چاڵم چاک کردووە و بەردەوامیش دەبم لە چاککردنی ئەوانی دیکە”.

مامۆستا حەکیم باسی لەوەشکرد، پێشتر لەسەر ئەرکی خۆی بڕی 500,000 دیناری لە چاککردنی شۆستەیەک خەرج کردووە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بە ئاسانی بەسەریدا هاتوچۆ بکەن.

هەرچەندە چاککردنی رێگاوبانەکان ئەرکی حکومەتە، بەڵام مامۆستا حەکیم دەڵێت، ئەوان ناتوانن چاوەڕێی حکومەت بکەن، چونکە کاتێکی زۆریان پێدەچێت، بۆیە خۆیان ئەو کارە دەکەن.