شانۆی پیانۆ نمایش دەکرێت

شوان کەریم: دوای 36 ساڵ جیاوازی رەنگ و شار ئیتر عەیبەیە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ستافی شانۆیی پیانۆ لە هەولێر دەستییان بە پڕۆڤە کردەوە و ئێوارەش چاوەڕوانی میوانەکان دەکەن و دەرهێنەری شانۆییەکەش دەڵێت: دوای 36 ساڵ جیاوازی رەنگ و شار ئیتر عەیبەیە.

راگرتنی نمایشکردنی شانۆیی پیانۆ لە هەولێر دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، شوان کەریم، دەرهێنەری شانۆیی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 وتی؛ پێمان وابوو هەڵەیەک روویداوە، ئێمە چۆن داوای لێبوردنمان کرد و وەزارەتی رۆشنبیریش داوای لێبوردنی کرد لەو بارودۆخەی دروست بوو، خۆشبەختانە لە رێی گفتوگۆوە چارەسەر بوو، بێ ئەوەی کێشەکە گەورە بێت و ستافەکە بە دڵشکاوی بگەڕێنەوە.

ئاماژەش دەدات بەوەی، دوای 36 ساڵ جیاوازی شار و رەنگ عەیبەیە، خۆشبەختانە خەڵک لەم مەسەلەیەدا پاڵپشتمان بوون، بەشێکی زۆری هونەرمەندان و رۆشنبیران، وەزارەتی رۆشنبیریش بێگومان نوێنەری ئەو خەڵکەیە.

شانۆی پیانۆ پێشتر لە شاری سلێمانی نمایش کراوە و قەراربوو ئەمڕۆ شەممە 5.9.2026 لە هەولێری پایتەختیش ئەنجام بدرێت و شەوی رابردوو بە بڕیارێکی وەزارەتی رۆشنبیری راگیرا و بەیانی ئەمرۆ رەتکرایەوە و بڕیاریاندا نمایش بکرێت.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح