"وای لێدێ مەیدانەکە نامێنێ"
مەیدانی پەلەوەران لە سەنتەری کۆیە دوورخرایەوە
+964
دەریا ئەحمەد – کۆیە
مەیدانی پەلەوەران لە کۆیە کە تەنیا رۆژانی هەینی هەبوو، گەورە و بچووک بە جۆرەها پەلەوەرەوە روویان تێدەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لە سەنتەری شارەکە دوورخرایەوە و شوێنی تازەشیان لە دەرەوەی کۆیەیە، کاسبکارێکیش دەڵێت، وا بڕوا بازاڕەکە نامێنێت.
شوێنی ئێستای بازاڕەکە لە بەردەم پارکی شەوگێڕاوا دیاریکراوە، کڕیار و فرۆشیارێکی پەلەوەریش دەڵێ شوێنەکە زۆر دوورە.
کڕیار و فرۆشیارێکی پەلەوەر بە 964ـی وت، راستە شوێنەکەی ئێستامان باش نەبوو، دەبووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ بەڵام لانیکەم هەر لە نزیک ئەم شوێنەی ئێستا و کەمێک سەرووتر کە کۆنە پاڕکێکە و ئێستا پشتگوێخراوە بیانکردایە بە مەیدانی پەلەوەر، کە شوێنێکی زۆر گونجاوە.
وتیشی، بۆ کڕین و فرۆشتنی مریشکێک کەس ئامادە نییە ئەم رێگا دوورە ببڕێ و وای لێدێ مەیدانی پەلەوەران هاوشێوەی مەیدانی ئاژەڵان لە کۆیە بوونی نامێنێ، چونکە شوێنەکەی دوورە و خەڵک سەردانی ناکات.
مەیدانی پەلەوەران لە کۆیە لە سەر دووسایدی شەقامی قشڵە و لە نزیک باخی پشووی ئێواران بوو، تەنیا رۆژانی هەینی هەبوو، بەڵام شارەوانیی کۆیە لە نووسراوێکدا کە بۆ هاتوچۆ و پۆلیس و ئاسایشی کۆیەی ناردبوو، داوای کردبوو هاوکارییان بن لە داخستنی مەیدانەکە بەهۆکاری دروستکردنی ئاستەنگی هاتوچۆ و پیسکردنی ژینگە و بوونی سیمایەکی ناشارستانی و گواستنەوەی بۆ بەردەم پارکی شەوگێڕاوا لە کۆیە و ئەمڕۆش بریارەکە جێبەجێ کرا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا