هەموو مانگێک ژوان لەگەڵ خوێن
چیرۆکی ئەو گەنجەی تەمەنی بە “خوێن” دەپێوێت
وریا فەتاح
بۆ زۆربەی خەڵک، تەمەن بە ساڵ و مانگ و رۆژ دەپێورێت، بەڵام بۆ محەمەد کوردە، تەمەن بەو بوتڵە خوێنانە دەپێورێت کە مانگانە لە دەمارەکانیدا دەبنە هیواى ژیانێکى نوێ.
محەمەد کوردە، گەنجێکی تەمەن 31 ساڵە و تووشبووی نەخۆشیی تالاسیمیایە. ئەو نەک هەر رێگەی نەداوە نەخۆشییەکە ببێتە بەربەست لەبەردەم خەونەکانی، بەڵکو ئێستا هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە، مامۆستایە و وەک شاعیرێکیش، ئازارەکانی خۆی کردووەتە هەوێنێک بۆ شیعر.
لە شیعرەکانی محەمەددا، خوێن تەنیا شلەیەکی سوور نییە، بەڵکو رزگارکەری “دەشتی گیانیەتی لە خەمنۆشی”. ئەو لە یەکێک لە شیعرەکانیدا دەڵێت:
“خوێن.. تۆ لەناو دەمارەکانم دڵۆپ دڵۆپ بوویت بە نۆتەیەکی مۆسیقای میهرەبان جەستە بێ هێزەکەم وەک ژەنیارێ هەموو ساتێ دەمژەنێ بۆ ژیان”
لەم فیچەرەدا، کە ساتەوەختی وەرگرتنی خوێنەکەی تێدا تۆمار کراوە، محەمەد باس لەو ئازارە دەکات کە لە جەستەیدا نییە، بەڵکو لە دەوروبەریدایە. ئەو دەڵێت: “ئەو دەرزییەی مانگانە لێمان دەدرێت، هێندەی توانج و دەرزیی کۆمەڵگە ئازاری نییە”.
ئەم مامۆستایە بە بڕوانامە و لێهاتووییەکەی سەلماندوویەتی کە تالاسیمیا ناتوانێت رێگری لە پێشکەوتن بکات. ئەو تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ ژیان هەیە و دەڵێت: “ئەگەر خەڵکی تر تەمەنیان بە کات بپێون، ئێمەی تووشبووانی تالاسیمیا بە خوێن دەیپێوین.”
محەمەد پەیامێکی بۆ هەمووان هەیە، ئەو پێیوایە کەس بەقەد تووشبووانی تالاسیمیا قەدری خوێن نازانێت، چونکە بۆ ئەوان خوێن تەنیا تەندروستی نییە، بەڵکو “ژیان و خەونەکانیانە”.