نزیک بە 80 کارمەند ئەمڕۆ گەڕاون
گومان لە گۆمێکی ناوچەکە دەکرێ؛ چارەنووسی دوو منداڵەکەی تر دەرنەکەوت
ئاکام غەفوور – سۆران
دەرکەوتنی تەرمی یەکێک لە منداڵەکانی رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ، ئومێدی زۆری لای تیمەکانی بەرگری شارستانی و مەلەوانەکان دروست کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە تەرم یان چارەنووسی دوو منداڵەکەی دیکە دیاری بکەن، بەڵام تا ئەم ساتە بێ سۆراغ ماونەتەوە.
دوێنێ سێشەممە 6.5.2026، تەرمی لاوەند خورشید -ی تەمەن حەوت ساڵ دۆزرایەوە، ئێستا دوو منداڵ لە رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ بێسەروشوێنن کە ئەوانیش، ئادەم خورشیدی تەمەن سێ ساڵ و مینا عیسای تەمەن 17 ساڵە.
رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە 964ی وت، بەکارهێنانی کامێرا حەرارییەکە کاریگەری باشی لەسەر پڕۆسەی گەڕانی تیمەکان هەبووە، ئەوەی ئێستا گومانی لەسەرە گۆمێکە کە دەکەوێتە خواری ئەو ناوچەی منداڵەکان لێی دیار نەماون.
ئەمڕۆ بەنزیکەی 80 کەس لە تیمەکانی بەرگری شارستانی و مەلەوانان کاریان کردووە لە پێناو ئەوەی چارەنووس یان تەرمی دوو منداڵەکەی دیکە دیاری بکەن، سەرەڕای ئەوەی بێ ئومێدنەبوون، بەڵام گەڕانەکانیان نەیگەیاندن بە منداڵەکان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا