ماسییەکان ئازادکران بەڵام کەس دەستگیر نەکراوە

لە دەریاچەى سیروان و بەنداوی دەربەندیخان دەست بەسەر چەندین تۆڕی ماسیگرتندا گیرا

فەرهاد حەسەن

لە سنووری دەریاچەى سیروان و بەنداوی دەربەندیخان لەلایەن تیمە جیاوازەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەست بەسەر چەندین تۆڕی ماسیگرتندا گیرا، هەرئەوکات ماسییەکانیان ئازادکردن بەڵام دەڵێن هیچ راوچییەکیان دەستگیر نەکردووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سیدسادق دەرچونێکیان بۆ ناو دەریاچەی دەربەندیخان ئەنجامدا، پاش گەڕان و پشکنینی سنورەکە توانیان لە سنوری (زەڵم و گردەدرێژ) دەست بگرن بەسەر پێنج تۆڕی گرتنی ماسی و یەک  کەڵەکدا،  بەڵام هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان کردوەتەوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی.

لە سنووری شارەزووریش، مەفرەزەیەکى هاوبەشى نێوان بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى شارەزوور بنکەى زەڕایەن دەرچوون بۆ ناو دەریاچەى سیروان و سنورى گوندەکانى قەڵبەزە، بێسەڵمێن، کانی بەردینە، جەردەئاسنە، گوڵان، پیشاو لەسنوری جەردەئاسنە، توانرا دەست بگیرێت بەسەر 18 تۆڕدا و نۆ ماسیشیان لەناو تۆڕەکاندا گرتوون .

دەشڵێت پەڕاوى لێکۆڵینەوە ریکخراوە بەمەبەستى وەرگرتنى رێکارى یاسایی لەلایەن دادوەرى لێکۆڵینەوە بۆ ئەو کەسانەی ئەم کارەیان ئەنجامداوە.