کشتوکاڵى راپەڕین:
مردنی ماسییەکان لە دەریاچەی دوکان بەهۆی راوی نایاسایی بووە نەک نەخۆشی
وریا فەتاح
دواى بینینى ژمارەیەک ماسى مردارەوەبوو لە کەناراوەکانى دەریاچەى دوکان بەتایبەت لە نزیک باخەکانى گوندى قوڕەگۆ، وابڵاوکرایەوە کە تووشى نەخۆشى بوون، بەڵام کشتوکاڵى راپەڕین دەڵێت: نەخۆش نین.
بەپێى بەدواداچوونى لیژى هۆبەى ماسى لە بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى راپەڕین کە سەردانى مەیدانیان بۆ شوێنەکە ئەنجامداوە و ماسییە مردارەوەبووەکانیان بینیون و پشکنینیان بۆیان کردووە، دەرکەوتووە، هۆکاری مردنی ماسییەکان راوی نایاسایی بووە بە بەکارهێنانی کەرەستەی قەدەغەکراو.
سەبارەت بە بوونی پەڵەی سوور لەسەر پێستی ماسییە مردووەکان، لیژنەکە روونی کردەوە کە هەندێکیان بەهۆی بوونی “مشەخۆر”ـەوە بووە کە مەترسیدار و کوشندە نییە بەو شێوەیەی باس دەکرێت، هەروەها بەشێکی تری هۆکارەکە بۆ مانەوەی ماسییەکان لەناو قوڕدا دەگەڕێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەکە، زۆربەی ئەو ماسیانەی کەوتوونەتە بەر راوە نایاساییەکە لە جۆرەکانی (تیلاپیا – شەبەح)، (تیرەماسی – چاتکە) و بڕێکی کەمیش لە جۆری (کارب) بوون، کە لە رووبەری نزیکەی ٢٠ مەتری دووجادا راو کراون.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ئێستا وەرزی زاوزێی ماسییە و بەپێی یاسا راوکردن بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی راپەڕینیش جەخت لە پاراستنی سامانی ماسی و رێگریکردن لە سەرپێچییەکان دەکاتەوە.