حاڵەتێکی دەگمەن لە کۆیە

سەگی بێلانە و مریشک لەسەر یەک سفرە نان دەخۆن

دەریا ئەحمەد – کۆیە

هەروا زانراوە سەگ مریشکی دەستبکەوێ دەیخوات و حەزی لە گۆشتەکەیەتی، بەڵام ئەوەتا لە حاڵەتێکی دەگمەن و نامۆدا لە گەڕەکی زانکۆی کۆیە ژمارەیە سەگی بێلانە بوون بە هاوڕێی کۆمەڵێک پەلەوەری هاوڵاتییەک.

نەک ئازاریان پێناگەیەنن بەڵکو پارێزگاریشیان لێدەکەن، خاوەن پەلەوەرەکانیش دەڵێ، تەنیا ئازارم نەداون و جار بەجار خواردنیان پێدەدەم.

دەوەن موفتی خاوەن پەلەوەرەکانە بە 964ـی وت، سەرەتا ئەو سەگانە چەند پەلەوەرێکیان لێ خواردم، بەڵام ئازارم نەدان و خواردنم پێدان، ئێستا نزیکەی سێ ساڵە وایان لێهاتوو بوون بە هاوڕێی پەلەوەرەکانم.

نەک ئازاری پەلەوەرەکانی نادەن، بەڵکو پارێزگاریشیان لێدەکەن و ئەگەر سەگی تری بێلانە بێن بۆ ئەم شوێنە، ئەو سەگانە دژیان دەوەستنەوە و پارێزگاری لە پەلەوەرەکانی دەکەن، دەوەن موفتی وتی، بۆیە زۆر جار دەرگای کۆڵان داناخەم و پەلەوەرەکانم بە ئاسوودەیی هاتوچۆ دەکەن.

لەبارەی مامەڵەی خەڵکی لەگەڵ سەگە بێلانەکان دەوەن موفتی وتی، تەنیا ئازاریان مەدەن و پاشماوەی خواردنی خۆتانیان پێبدەن، سەگ ئاژەڵێکی بەوەفایە و زیان بە مرۆڤ ناگەیەنن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا