تێکڕاى گەرمى 14.6 پلەى سیلیزى بووە
مانگی نیسانی ئەمساڵ ساردتر و باراناویتر بووە بەراورد بە ساڵانى پێشوو
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی سلێمانی ئاماری کەشوهەوای مانگی نیسانی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە. داتاکان دەریدەخەن کە مانگی نیسانی ئەمساڵ، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، کەشێکی ساردتر و رێژەیەکی بەرچاوتری بارانبارینی بەخۆوە بینیوە بەراورد بە ساڵانى پێشووتر.
بەپێی تۆمارەکانی وێستگەی کەشناسی سلێمانی، تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی نیساندا 14.6 پلەی سیلیزی بووە.
کەشناسی روونیکردووەتەوە کە نیسانی ئەمساڵ بە بڕی 3.4 پلە لە تێکڕای ساڵانەی هەمان مانگ ساردتر بووە.
هەروەها سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەو مانگەدا، نزمترین پلەی گەرمی کە تۆمارکراوە 4.0 پلەی سیلیزی بووە، لە بەرامبەریشدا بەرزترین پلەی گەرمی گەیشتووەتە 25.5 پلەی سیلیزی.
سەبارەت بە ڕێژەی بارانبارین، ئامارەکان دڵخۆشکەرن بۆ سەرچاوەکانی ئاو و کشتوکاڵ. لە مانگی نیسانی 2026دا، کۆی گشتی بڕی 126.9 ملیمەتر باران لە شاری سلێمانی باریوە.
کەشناسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ڕێژەیە زۆر زیاترە لە کاتی ئاسایی، بە جۆرێک بارانی نیسانی ئەمساڵ یەک هێندە و نیو (1.5 هێندە)ی بارانی نیسانی ساڵانی رابردوو بووە.