سلێمانی

تا ئەمڕۆ 24 کرێکار گیانیان لەدەستداوە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لەبارەی ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکارانەوە، عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە سلێمانی، بە 964ی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ 24 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ یەکی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکارانە، هەرچەندە رۆژەکە بۆ پشووی کرێکارانە و رێکەوتەکە کەوتووەتە هەینییەوە، بەڵام بەشێک لە کرێکاران لەمڕۆژەدا لە دەرەوەن و چاوەڕێی کارن.

پەیامنێری 964 لە نزیک گەڕەکی ئازادی لە شەقامێک کە بووەتە مەیدانی کرێکاران لەگەڵ چەند کرێکارێک دوا.

یەکێک لەو کرێکارانە وتی: ئیشەکەی ئێمە بەوجۆرەیە کە دەبێت بەردەوام بین لە جەژنی خۆشماندا کەسابەت بکەین.

کرێکارێکی دیکە کە نەیویست ناو و روخساری ئاشکرا بکات، بە مایکی 964ی وت: بڕوانامەی پەیمانگەم هەیە و دەمەوێت لە کەرتی تایبەت یان کارتی گشتی کاربکەم، بەڵام موچەی کەرتی تایبەت زۆر کەمە و بەشی بژێوی رۆژانە ناکات، کەرتی گشتییش دەڵێن بە خۆبەخشی وەرتدەگرین، بەڵام خۆبەخشی بۆ من دەریناهێنێ.