پارە بۆ ناردنەدەرەوەی 64 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی خەرج دەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

رەزامەندی  بۆ خەرجکردنی بڕی 262 ملیۆن دینار وەرگیرا، بە مەبەستی ناردنەدەرەوە و چارەسەرکردنی 64 کەس کە بەرکەوتەی چەکی کیمیایین و بەهۆی سووتانی گلێنەیان بە گازی خەردەل، بیناییان لە مەترسیدایە.

پارەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت و بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە، دەڵێت “دوای رێكخستنی كاری ژمێركاری و بانكی و هەماهەنگی لەگەڵ پزیشكانی نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاو لە تاران، دەستدەكرێت بە رێكارەكانی ناردنەدەرەوەی ئەو بەركەوتانە.”

دوو ساڵ پێش ئێستا لیژنەیەکی تایبەتمەندی ئێرانی، ئەو کەسانەی دەستنیشان کرد، کە بەهۆی بەرکەوتنی چەکی کیمیایی پێویستییان بە گۆڕینی گلێنەی چاوە، ئێستاش بڕیار دەرچووە بۆ ئەوەی بنێردرێنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر.

د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، “رەزامەندی خەرجكردنی بڕی 262 ملیۆن دینارمان وەرگرت بۆ ناردنەدەرەوەی 64 بەركەوتەی چەكی كیمیایی لە هەموو شارەكانی كوردستان، كە ترسی لەدەستدانی بیناییان هەیە.”

ئەو 64 کەسە تەنیا لە هەڵەبجە نین، خەڵكی شارەكانی دیکەی هەرێمی كوردستانیشیان تێدایە، کە بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی سەدام حوسێنەوە برینداربوون و خەریکە بە تەواوی چاویان لە دەست دەدەن.

لە هەڵەبجە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەیە و بێبەرامبەرە، بەڵام ناتوانرێت نەشتەرگەری گۆڕینی گلێنەی چاوی تێدا ئەنجام بدرێت.

پێشتریش لە مانگی تشرینی دوومی ساڵی 2021، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 53 برینداری چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە رەوانەی وڵاتی ئێران کران.