پڕۆژەی رێکخستنەوەی بازاڕی زاخۆ نارەزایەتی لێکەوتەوە

+964

شڤان عەبدوڵڵا – زاخۆ

دوای بارانبارین زۆربەی ئەو رووناکییانەی بۆ پرۆژەی رێکخستنەوەی بازاڕی زاخۆ دانراون لە ناوچوون،  دوکاندارەکانیش نیگەرانن.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دوای ئەوەی پرۆژەی رێکخستنی بازاڕی زاخۆ  بۆ ئەوەی یەک دیکۆر و یەک شێواز بن ئەنجامدا، دوای یەکەم قۆناغ و بارینی باران دلۆپی ئاو زوربەی روناکی دوکانەکانی لەناو برد و دوکاندارەکانی نیگەران کردووە.

نەجم کوچەر، دوکاندارە و بۆ 964 وتی، “ئەگەر ئێمە بمانزانیایە ئاوا دەبێت، پارەمان پێیان دەدا تا بەتەواوەتی دروستییان دەکرد، پارەی خۆیان وەرگرتووە و پشتیان تێکردووین”.

ماهیر ئەحمەد، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی ناو بازاڕی زاخۆ بە 964ی وت، لەبەر نەبوونی کات و گەورەیی بازاڕی زاخۆ و کەمیی کارمەندان و هەبوونی تەلی کارەبا لەناو پڕۆژەکەدا، پرۆژەکەیان وەستابوو، بەڵێن دەدەن هەموو ئەو رووناکییانەی لەکارکەوتوون لە سەر حسابی خۆیان چاک بکرێنەوە و یەک دیناری تریش لە یەک دوکاندار وەرنەگرن.

وتیشی، “لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارەبای زاخۆ قسەمان کردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەک، بەزوترین کات ئەو پڕۆژەیە تەواو بکەین بۆ ئەوەی بازاڕی زاخۆ زیاتر رێکخراو و جوانتر دەربچێت.

پرۆژەی رێکخستنەوەی بازاڕی زاخۆ پێکدێت لە دیزاینکردن و شاردنەوەی تەلی کارەبا و دانانی دیکۆر بە ئەلیکۆبۆن بۆ هەموو دوکان و بازاڕی زاخۆ کە زیاترە لە پێنج هەزار دوکان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی