نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانی دیاریکرا

964+
پەری ساڵح

بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانییەوە مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی کەوتنەوە کار و ئێستاش نرخ و شێوازی کۆکردنەوەی پارەی ئەمپێرەکان بڵاوکرایەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان بەمشێوازەیە؛

بڕی 8 هەزار دینار دیاریکراوە بەرامبەر 125 کاتژمێر کارکردن.

کۆمەڵەی مۆلیدەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی کارکردنی بەردەوامەوە گرانبوون و کەمیی گاز دروستبووە و تا ئێستاش نرخی گاز بە بەرزیی ماوەتەوە.

لە دوێنێوە، واتە 23ـی تەمموز پسوولەکان گەیشتوونەتە دەست خاوەن مۆلیدەکان و پرۆسەی کۆکردنەوەی پارە دەستیپێکردووە.

بڕی پسوولەکە لە مۆلیدەیەکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە؛ ئەو مۆلیدانەی قەرزی هاووڵاتییانیان لەسەر بووە، لەلایەن قایمقامییەتی سلێمانییەوە بڕی قەرزەکە لە پسوولەی ئەم مانگەیان دابەزێنراوە

قایمقامیەتی سلێمانیش سەبارەت بەو دۆخە کاتییەی دروستبووە و پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە و دەڵێت؛ بە ناچاری پەنامان بۆ ئیشپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان بردووەتەوە، بەشداربووی مۆلیدەکانی سنووری سلێمانی پێویستە پابەندبن بە پێدانی پارەی پێشەکی بە خاوەن مۆلیدەکان بەپێی ئەو پسوڵەیەی دیاریکراوە، هاوكات خاوەن مۆلیدەکان مافی خۆیانە قەرزە کۆنەکانیشیان لە هاوڵاتییان وەربگرنەوە.