رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ - وێنە؛ لە فەیسبووکی رەحمان غەریبەوە وەرگیراوە
رەحمان غەریب، رێکخەرى سەنتەرى میترۆ
“ئەمڕۆ هەواڵى ناخۆشم لەبارەى رۆژنامەنووسانەوە پێگەیشتووە”
964+
وریا فەتاح
رێکخەرى سەنتەرى میترۆ لەبارەى دۆخى رۆژنامەنووسانى دەستگیرکرا و زیندانیکراوان رایگەیاند، لەلایەکەوە رۆژنامەنووسێک دیارنامێنێت و لەلایەکەوە رۆژنامەنووسێکى تر بەهۆى مانگرتنەکەى بارودۆخى خراپە.
رەحمان غەریب لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئێمە لەسەر گومان قسەناكەین، بەڵام كە رۆژنامەنوسێك دیار نامێنێ یان هێرشی دەكرێتە سەر پێش هەموو لایەك دەبێت هێزی ئەمنی بیسەلمێت، بەتایبەت کە رۆژنامەنوسەكەی رانیە لای ئەوان دەستبەسەر نیە، بۆیە داوا لە هێزە ئەمنییەكانی رانیە دەكەین رونكردنەوە لەسەر دیار نەمانی پەیامنێری پایتەخت بدات.
وتیشى،”بەداخەوە ئەمڕۆ هەواڵ لەسەر هەواڵی ناخۆشم پێگەیشتووە، شێروان شێروانی بارودۆخی مانگرتنەكەی پێی ناوەتە قۆناغێك كە ترسمان لەسەر ژیانی هەیە، رۆژنامەنووس و چالاكوان سەباح ئەتروشی ئەوە زیاتر لە سێ هەفتەیە لە سجنی ئاسایشی دهۆك دەستبەسەرە چونكە نیازی خۆپیشاندانی هەبووە لەسەر نرخی كارەبا”.
لەبارەى پەیامنێرەگەى پایتەخت میدیا کە لە دوێنێوە دیارنەماوە، رەحمان غەریب وتى،”جوتیار رەسوڵ پێشتر بەمەبەستی گەشتێكی خێزانی، مۆڵەتی لە دەزگاكەی وەرگرتووە، لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی دوێنێوە بێسەروشێنە و كەسوكار و هاوكارەكانی هیچ لەبارەی چارەنووسی نازانن”.
وەک باسى دەکات، لقی رانیەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە لە پەیجی رەسمی خۆی هیچ راگەینراوێكی فەرمی بڵاونەكردۆتەوە و هێزە ئەمنییەكان هیچ زانییارییەكیان لە بارەی ئەم كەیسەوە بڵاونەكردۆتەوە.
دەپرسێت ئایا راستە 24 کاتژمێر هاوڵاتییەك دیار نەبێت هیچ شوێنێكی رەسمی پێمان نەڵێت چی كردوە تا لانیكەم دایكی بزانێت لە “سجنەكانتان نییە، یان لە سجنەكانتانەوە و بە خێزانەكەی بڵێن بەكام تۆمەت”.