سبەی چەند چالاکییەک ئەنجام دەدرێت

سەمای كوردی و سریانی لە رۆژی جیهانیی سەمادا ئاوێتەی یەکتر دەبن

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

سبەی رۆژی جیهانیی سەمایەوە و بەوبۆنەیەوە تیپی هونەرە میللیەكانی هەولێر هەر لەمڕۆوە کەوتووەتەخۆ بۆ ئەوەی چەند چالاکییەک ئەنجام بدەن.

دلشاد بەربیار جێگری بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی هونەرە میللیەكانی هەولێر بە 964ـی وت، “كۆتا ئامادەكاری تەواو بووە و بەیانی بە سێ تابلۆ ئەم یادە بەرز رادەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا نمایشی وەرزی نوێی خۆمان دەکەین، دوو تیپی هونەرە میللییەکانی سریانی عەنکاوە و تیپی ئارمانجی عەفرین بە دوو تابلۆ لەگەڵمان بەشدارن”.

“سێ تابلۆمان بۆ بەشداری لەو مەراسیمە ئامادە کردووە کە بریتین تابلۆی بەهار، گۆڤەند و لادێ”، دڵشاد بەربیار.

سەبارەت بە شێوازی ناولێنان لە تابلۆکان، دڵشاد بەربیار دەڵێت، وەک چۆن ناو لە کۆرپەلە دەنرێت ئاواش بەپێی پەیام و چیرۆکی تابلۆکە، ناوی لێدەنرێت.

روونیشیکردەوە، هونەرە میللیەکان لە کۆمەڵێک هونەر پێکهاتووە و بەند و گۆرانی وتنیش یەکێکە لە هونەرەکان کە هی گەل و میللەتن و دەبنە ناسنامەی راستەقینە و رەسەنی ئەو میللەتە.

هاوکات نەوزاد تەها بەڕێوبەری راگەیاندنی هونەرە میللیەكانی هەولێر وتی، “لە رۆژی جیهانی سەما دەمانەویت پەیامی ئاشتی و پێكەوە ژیان پێشكەش بكەین وەك هونەرە میللەكانی هەولێر بەتەواوی ئامادەكاریەكان تەواو بووە.”

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری