کاڵەک هەیە 13 کیلۆیە
كاڵەكی زەڵێ زۆر و زەوەندە بەڵام پارە ناكات
ئەحمەد محەمەد – شارباژێڕ
بەرهەمی ئەمساڵ زۆرە و پارە ناكات، كاڵەكی زەڵێ بەهۆی كەشوهەواكەیەوە لەتەواوی ناوچەكانی تر جیاوازە، بەپێی جۆرەكانی بەرهەمی ترش و شیرینی لێ جیادەكرێتەوە، ئەمساڵ نزیكەی 2هەزار دۆنم بە بەرهەمی كاڵەك داچێنراوە.
ساڵانە لە ناوچەکە فێستیڤاڵی کاڵەک رێکدەخرێت بۆ نمایشکردنی جۆرە جیاوازەکانی کاڵەکی کوردی و ناساندنی بە بەشداریی هاوڵاتییان و گەشتیاران، وا دوو رۆژە هەمان فێستیڤاڵ لە ناوچەکە دەستی پێکردووە.
مەعاز رەزا، جوتیارە لە دەشتی زەڵێ و دەڵێ، ئەمساڵ چەندین جۆری کاڵەک بەرهەم هێنراوە و خۆشم ساڵانە تۆوەکەیان دەگرمەوە، بەڵام ئەمساڵ سەرەڕی بوونی کاڵەکی جیاواز فرۆشی زۆر نییە.
کاڵەکی زەڵێ، یەکێکە لە بەناوبانگترین و خۆشترین کاڵەکەکانی کوردستان کە لە دەشتی زەڵێ-ی شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەچێنرێت و بە تام و بۆنی تایبەتی خۆی ناسراوە.
تایبەتمەندییەکانی کاڵەکی زەڵێ;
جۆری چاندن: بە شێوەی دێم دەچێنرێت، پشت بە ئاوی باران دەبەستێت و ئەمەش هۆکارە بۆ تام و شیرینییە تایبەتەکەی.
کاتی چاندن و پێگەیشتن: لە مانگی پێنج دەچێنرێت و لە مانگەکانی حەوت و هەشتدا پێدەگات و بازاڕی دەگەرمێت.
رووبەری کشتوکاڵی: هەموو ساڵێک زیاتر لە 100دۆنم زەوی لە دەشتی زەڵێ بۆ چاندنی ئەم کاڵەکە تەرخان دەکرێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا