دۆڵى ئالانە
سپیندار؛ دارێکى بێ بێبەر کە هێندى زێڕ و نەوت خێرى هەیە
964+
ئاکام غەفور
لە دۆڵی ئالانەی سنووری خەلیفان، وەرزی بڕین و سپیکردنی داری سپیندار دەستی پێکردووە. ئەم دارە سەرەڕای ئەوەی هیچ بەرێکی نییە و ئاوێکی زۆری پێویستە بۆ پێگەیشتن، بەڵام بۆ خاوەنەکانیان بووەتە سەرچاوەیەکی ئابووریی گرنگ و داهاتەکەی بەراورد بە داری بەردار، “دوو هێندەیە”.
بەشی زۆری ئەو دار سپیندارانەی لە دۆڵى ئالانە دەبڕدرێنەوە، دەکرێن بە پوشی موبەڕیدە بۆ وەرزی هاوین و بەسەر تەواوی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقدا دابەش دەکرێن.
حاجی محەمەد نەقەبی، کە ماوەی نۆ ساڵە سەروکارى لەگەڵ ئەم دایەرە، بۆ 964 ئاماژە بەوە دەکات کە تا قەدی دارەکان ئەستوورتر بن، بۆ دروستکردنی پوشی موبەڕیدە گونجاوترن.
“ئەم دارە بۆ ئێمە و جووتیاران لە زێڕ و نەوتیش بەنرخترە. داهاتێکی زۆر باشی هەیە، بە جۆرێک ئەگەر جووتیارێک 12 دۆنم زەوی بە سپیندار چاندبێت، نزیکەی 30 هەزار دۆلار قازانجی لێ دەکات، ئەمە جگە لەوەی هەلی کاری بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران رەخساندووە.” حاجى محەمەد واى وت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی خەلیفان، گرنگیدان بەم جۆرە دارە لە ناوچەکەدا لە زیادبووندایە، بە جۆرێک تا ئێستا نزیکەی هەزار دۆنم زەوی بە درێژایی 10 کیلۆمەتر کراوە بە دارستانی سپیندار و ساڵانە بەرهەمێکی زۆری لێ دەخرێتە بازاڕەکانەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح