ئاوەکە بردی و نەمتوانی رزگاری بکەم
ساتی خنکانی گەنجەکەی شاخەسوور لە زاری هاوڕێکەیەوە
+964
دیلان محەمەدجەزا
ئەو گەنجەی رۆژی پێنجشەممە لە ئاوی شاخەسوور لە شارباژێڕ خنکا، هاوڕێیەکی لەگەڵ بووە، ئێستا ئەو هاوڕێیەی باسی ساتی خنکانەکە بۆ 964 دەکات.
نەجات عوسمان ئەو رۆژە لەگەڵ بڕوا چوونەتە سەیرانگەی شاخەسوور بۆ سەیران، لەو کاتەی خەریکی نوێژ بووە، بڕوا چووەتە قەراغی ئاوەکەو دوای ئەوەش دەستی کردووە بە مەلەکردن.
نەجات دەڵێ: ”کە یەکەمجار لە ئاوەکە هاتە دەرەوە هەموو گیانی گرژ بوو بوو، چونکە ئاوەکە زۆر سارد بوو، وتم با بڕۆین مەلە مەکە، بەڵام ئەو دیسان چووەوە ناو ئاوەکە و پاش کەمێک لەو قەراغە کەوتە خوارەوەو ئیتر بەس دەستوقاچی دیاربوو، نەمتوانی رزگاری بکەم”.
دەمەوئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 23.04.2026 گەنجە خنکاوەکە و هاوڕێیەکی بۆ سەیران چوونەتە سەیرانگەی شاخەسوور لە شارباژێڕی سەر بە سلێمانی، لەوێ گەنجەکە لە کاتی مەلەکردن کەوتووەتە ژێر ئاوو دیار نەماوە.
هەر ئەمڕۆ فەرهاد ساڵح قایمقامی شارباژێڕ بە 964ی وت: تیمی مەلەوانی دوکان و لەگەڵ بەرگری شارستانی و پۆلیس و پۆلیسی دارستان و ئاسایش هەموو پێکەوە خەریکن بۆ تەرمەکە دەگەڕێن، بەڵام تائێستا هیچیان نەدۆزیوەتەوە، بۆ پاشنیوەڕۆ بە هیوان لە گۆمەکانی خوارووتر سەرەداوێکیان دەست بکەوێت.