بەسڕە
یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق بار دەکرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی هێزی دەریایی عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، کەشتی تانکەری “هێلگا” کە ئاڵای کۆمۆرۆسی (جزر القمر) لەسەرە، گەیشتووەتە بەندەری نەوتی بەسڕە بۆ بارکردنی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو.
سەرچاوەکە بۆ 964ی راگەیاند، تیمی کەشتییەکە 30 کەسن و ئەمە دووەم کەشتییە لە رێگەی بەندەرەکانی عێراقەوە لە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر تانکەرێک، کە ئاڵای ماڵتای بەسەرەوە بوو، سەر بە کۆمپانیایەکی یۆنانی بوو، گەیشتبووە بەندەرەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنی جێگیرکردن لە ژێر چاودێری دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی بەندەردا ئەنجامدراوە، بە بەشداری تیمەکانی کەشتیوانی و فڕۆکەوانی دەریایی، تێپەڕبوونی تانکەرەکەش لە کەناڵی کەشتیوانییەوە بۆ شوێنی بەستنەوەی دیاریکراوی خۆی مسۆگەر کرا و ئۆپەراسیۆنەکە بە ئاسانی بەڕێوەچوو بەبێ هیچ بەربەستێک.