"بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان پەنا بۆ 97 ملیار دۆلارەکەی یەدەگ دەبرێت"

داهاتی مانگانەی عێراق بۆ 750 ملیۆن دۆلار دابەزی و مەترسی لەسەر موچە هەیە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

داهاتی مانگانەی عێراق لە 7 ملیار دۆلارەوە بۆ 750 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ کەمترین ئاست لە دوای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. شارەزایەکی نەوتیش دەڵێت، ئەم داکەوتنە گەورەیە وایکردووە حکومەت ناچار بێت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دەست بۆ پارەی یەدەگی بانکی ناوەندی ببات، چونکە داهاتی ئێستا تەنیا بەشی کەمتر لە 10%ـی خەرجییەکان دەکات.

سیروان مستەفا، پسپۆر لە بواری نەوت و بەرپرسی ئەندازیارانی جیولۆجی لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە 964ـی وت، عێراق پێش جەنگ رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنان بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە و تەنیا 250 هەزار بەرمیلی لێ هەناردە دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی عێراق 90%ـی پشتی بە نەوت بەستووە، لە مانگی 5 و 6ـی ئەمساڵەوە قەیرانی موچە و بودجە و کورتهێنان بە روونی دەردەکەوێت.

حکومەتی عێراق بۆ دەربازبوون لەم تەنگژەیە، تەنیا 5 بۆ 6 مانگی دیکە دەتوانێت لە رێگەی بەکارهێنانی 97 ملیار دۆلارەکەی یەدەگی بانکی ناوەندییەوە مووچە دابین بکات. ئەو پسپۆرە باسی لەوەشکرد کە قەرزکردن لە بانکی نێودەوڵەتی رێگەچارەیەکی قورسە، چونکە مەرجەکانی وەک بڕینی پاڵپشتی حکومەت لە کەرتە گشتییەکانی تەندروستی و کارەبا، زیانی گەورە بە هاوڵاتییان دەگەیەنێت، لە کاتێکدا کێڵگە نەوتی و غازییەکان زیانیان بەرکەوتووە و چاککردنەوەیان ساڵانێکی زۆری دەوێت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز تەقەی لە نەوتی عێراق کر...

سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز تەقەی لە نەوتی عێراق کرد