کەرکوک
لە رووداوێکى هاتوچۆدا کەسێک گیانى لەدەستدا و سێ برینداریش هەیە
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، لە ئەنجامی رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای نێوان کەرکوک و قەزای دووبز، کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بەسەختی بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هاتوچۆی دەرەوەی شاری کەرکوک بۆ 964، رووداوەکە لە نزیک کارگەی غازی “باجوان” روویداوە. ئۆتۆمبێلێکی جۆری (نیسان سەنی) بەهۆی خێراییەکی زۆر و لەدەستدانی کۆنترۆڵەوە وەرگەڕاوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەهۆی توندیی رووداوەکەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، هەروەها سێ سەرنیشینی دیکەی ناو ئۆتۆمبێلەکە بەسەختی بریندار بوون.
وەک باسى دەکات، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەکانی ناو شاری کەرکوک کردووە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح