"سەردانی گەشتیاران لە چاوەڕوانییەکانمان زیاترە"
نۆژەنکردنەوەی گوندی دەرەی مەڕ لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ئاوەدانکردنەوەی گوندی دەرەی مەڕ لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و هێندەی نەماوە تەواو ببێت، ئەنجومەنی گوندەکەش دەڵێت، “سەردانی گەشتیاران زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕێمان دەکرد.”
دوای زیاتر لە 20 ساڵ لە چۆڵکردنی گوندی دەرەی مەڕ لە ھەورامان بەھۆی وشکبوونی سەرچاوەی ئاوەکەیان، ساڵی رابردوو کانی گوندەکە بوژایەوە و بووە ھەوێنی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە.
سەردار قادر، ئەنجومەنی گوندەکە بە 964ـی وت: ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەمان چوار قۆناغە، رێگەی ئۆتۆمبێل، قادرمەکان بۆ ناو گوندەکە، نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە، و دروستکردنەوەی کانی ژنان کە ھەرچواریان بەرەو تەواو بوون دەچن، و زۆری وایان نەماوە، ئیدی ئەوەی دەمێنێت لەسەر خەڵکی گوندەکەیە و داواکارین خانووەکانیان نۆژەن بکەنەوە و ھاوکار بن.
سەردار قادر وتیشی، “گەشتیارێکی زۆر روو لە گوندەکە دەکەن و زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕێمان دەکرد.”
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ھەڵەبجەش لە دەرەی مەڕ بوو، لەبارەی ئاوەدانکردنەوە و سەردانیکردنی گەشتیاران بۆ گوندەکە بە 964ـی وت، “ئێمە بەردەوام ئاگاداری ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەین، و خۆشمان وەک گەشتوگوزار ھاوکار و یارمەتیدەری ئەو گروپانەین و لە پەیوەندیداین، کە دەیانەوێت وەک گەشتیار بێنە گوندەکە، ئێستاش کە پایزە و کەشوھەواکەی لەبارە و بەردەوام گروپی گەشتیاری سەردانی دەکەن”.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا