ژمارەیەک دوکانداری داون تاونی هەولێر گردبوونەوە
“کارەبان بڕیوە و بە دزی کەلوپەلیان بردووە”
964+
رێباز خدر -هەولێر
ئەمشەو لە کاتێکی درەنگدا کەلوپەلی ژمارەیەک دوکانی داون تاونی هەولێر براوە، دوکاندارەکانیش یەخەی کۆمپانیای بەرپرسی بازاڕەکەیان گرتووە، هەندێکیش شارەوانی یەک تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئەوان دەڵێن، پەیوەندییان بەو بابەتەوە نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15.4.2026 ژمارەیەک دوکانداری بازاڕی داون تاون لە هەولێر، بە 964یان راگەیاند، شەو کەلوپەلی ناو دوکانەکانیان براوە، کە بایی دەیان دەفتەر دۆلارە، هێشتا نازانن کێ ئەو کاری کردووە.
بەپێی بەدواداچوونی 964، گوایە دوکانەکان تەجاوزیان کردووە و مێزەکانیان هێناوەتەدەرەوە و پەردەیان لێداوە، بەڵام پەیوەند حوسێنی دوکاندار دەڵێت، کەس ئەوانی ئاگادار نەکردووەتەوە لە تەجاوز.
کۆدۆ سەرباز دوکاندارێکی ترە و دەڵێت، “ئیدارەی کۆمپانیای داون تاون هەر ساڵێک کێشەیەکمان بۆ دروست دەکەن، داواکارین دوکانەکان بخرێنە سەر شارەوانی”.
سەهەند سەرباز دوکاندارێکی دیکەیە و دەڵێت، کەلوپەلێکی زۆری بردراوە، “شەو کارەبا و کامێراکانی چاودێرییان کوژاندووەتەوە و هاتوون کەلوپەلەکانی چەندین دوکانیان بردووە، کە تەنیا دوکانەکەی من بایی زیاتر لە پێنج دەفتەر دۆلار کەلوپەلی نوێی تێدا بووە”.
ئیدارەی کۆمپانیای داون تاون بۆ میدیاکان قسە ناکەن و رێگەیان نەدا کەس بچێتە لایان.
964 پەیوەندی بە شارەوانیی بەرپرسی ناوچەکە کرد، لەمبارەیەوە ئارام رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانیی یەک بە 964 ی وت، گوایە ئەو کەلوپەلانەی کە بردراون لە کۆمەڵێک دوکانی داون تاون لەلایەن تیمی شارەوانییەوە بووە، ئەمە دوورە لە راستی و هیچ کارمەندێکی ئێمە بەشدار نەبووە و هیچ کەلوپەلێکیش لای ئێمە نییە.
بە گوێرەی بەدواداچوونی 964 ئەو دوکانانەی کەلوپەلیان براوە، نزیکەی 25 دوکانن و لە قاتی خوارەوەی بازاڕەکەن.