ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن، ئێران 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە
رووسیا
“یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران بهێننە لای ئێمە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆشکی کرێملین رایگەیاند رووسیا ئامادەیە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران وەربگرێت وەک بەشێک لە هەر رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا، ئەمەش هەنگاوێکە کە دەستپێشخەرییەکی پێشووی رووسیا زیندوو دەکاتەوە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ئەمڕۆ دووشەممە 13.4.2026 رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری رووسیا “ئەم پێشنیازەی لە میانەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە دەربڕی”، دووپاتیکردەوە کە ئەو دەستپێشخەرییە لەبەردەست دەبێت، بەڵام تا ئێستا هیچ رێوشوێنێک لەمبارەیەوە نەگیراوەتەبەر”.
ئەم راگەیاندنە چەند کاتژمێرێک پێش هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران دێت، لەوانە گەمارۆدانی گەرووی هورمز و ئەگەری هێرشی سنووردار لە دژی ئێران، ئەمەش دوای شکستی دانوستانەکانی ئیسلامئاباد.
مۆسکۆ پێشتر بیرۆکەی گواستنەوە یان وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانی لە چوارچێوەی دانوستانە ئەتۆمییەکاندا لە چەندین بۆنەدا پێشنیار کردبوو، وەک میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندن و دڵنیابوون لەوەی کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکارنەهێنرێت.
بەڵام ئەم پێشنیارە تا ئێستا لە لایەن ئەمریکاوە پێشوازی لێ نەکراوە و وەڵام نەدراوەتەوە.