پێشبینیی دەکرێت چوارشەممە درێژکردنەوەی ئاگربەست رابگەیەندرێت

‎”ئەگەر ترەمپ بێت پزیشکیانیش دێت”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرچاوە ئێرانییەکانی ئاگادار لە دانوستانەکان رایانگەیاند کە رۆژی سێشەممەی داهاتوو شاندێکی ئێرانی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەگەنە پاکستان.

بە هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، سەرچاوە ئاگادارەکان پێشبینی دەکەن شاندەکە هەمان ئەو شاندە بێت کە لە خولی پێشوودا بەشدارییان کردووە، کە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و چەند کەسایەتییەکی تر پێکهاتبوون.

ئێرانییەکان پێشبینی دەکەن رۆژی چوارشەممە راگەیەندراوێکی هاوبەشی رەمزی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە ئەنجام بدرێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەگەر هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەبچێت و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رازی بێت سەردانی ئیسلام ئاباد بکات، ئەوا سەرۆکی ئێرانیش یاوەری شاندەکەی دەبێت، هەروەها کۆبوونەوەیەکی هاوبەش ئەنجام دەدەن و لەو ماوەیەدا “بەیاننامەی ئیسلام ئاباد” واژۆ دەکەن.

تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لە تارانەوە سەبارەت بە سەفەری دانوستانکارەکانی بۆ ئیسلام ئاباد نەدراوە، ئەمەش دوای راگەیاندنی ناردنی شاندێک لەلایەن ترەمپەوە.

دانوستانی یەکەمی دوای ئاگربەست هەفتەی رابردوو لە پاکستان بەڕێوەچوو، بەڵام نەیانتوانی بگەنە رێکەوتن.