"به‌خشین دڵێكی گه‌وره‌ی ده‌وێت"

ئاهه‌نگێكی رێزلێنان بۆ مامۆستا جیهانی رواندز سازكرا

ئاكام غه‌فور – رواندز

هونه‌رمه‌ند ماهیر ئه‌مین ئاهه‌نگێكی رێزلێنانی بۆ مامۆستا جیهان حاجی فه‌تاح له‌ رواندز رێكخست، ئه‌مه‌ش له‌ پای كاری به‌خشینی و دروستكردنی قوتابخانه‌یه‌ك به‌ میراتی باوكی.

مامۆستا جیهان حاجی فه‌تاح، کە خانمێکە، له‌ رواندز قوتابخانه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی و به‌ پاره‌ی میراتی باوكی دروست كرد و رۆژانی رابردوو قوتابخانەکە خرایە خزمەت قوتابیانەوە، ئه‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو، كه‌ خاتوونێك قوتابخانه‌یه‌كی له‌ زێدی خۆی وەک بەخشینێک دروستكردووه‌.

هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ماهیر ئه‌مین به‌ هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی موزیسیان زیره‌ک ئه‌مینی برای و ئه‌حمه‌د ئازاد وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ری خۆیان و وه‌ك پێزانینیک بۆ كاره‌كه‌ی ئه‌م مامۆستایه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18.10.2006 هه‌ر له‌ قوتابخانه‌كه‌ ئاهه‌نگێكیان بۆ مامۆستا جیهان و مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانه‌كه‌ سازدا.

ماهیر ئه‌مین له‌مباره‌یه‌وه‌ بۆ 964 وتی، “كاره‌كه‌ی مامۆستا جیهان سه‌رنجی راكێشام و کارێکی گه‌وره‌یه‌، راستییه‌كه‌ی به‌خشین ره‌نگه‌ پاره‌یه‌كی زۆری نه‌وێت، به‌ڵام دڵێكی گه‌وره‌ی ده‌وێت”.

وتیشی، به‌ ده‌ستپێشخه‌ری خۆم و به‌ هاوكاری ئه‌و دوو برا هونه‌رمه‌نده‌ موزیسیانه‌ پێمان خۆشبوو وه‌ك رێزلێنانێک ئاهه‌نگێك بۆ مامۆستا جیهان رێكبخه‌ین و سوپاسی بكه‌ین.