"تەنیا کات کوشتنە"

حیزبى دیموکرات: تۆمەتبارێکی تێرۆری دکتۆر قاسملوو لەسەر مێزی دانوستانەکەی ئەمریکا و ئێرانە

وریا فەتاح

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە بەیاننامەیەکی تونددا، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە پاکستان رەت دەکاتەوە و بە “فێڵێکی سیاسی” و “سووکایەتی بە دادپەروەری” ناوی دەبات.

دەستەی کارگێڕیی حیزبی دیموکرات، ئەمڕۆ 11ـی نیسانی 2026،  لەبارەى دانوستانەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە،”بەشداربوونی (محەممەد جەعفەریی سەحرارودی) لە شاندەکەدا، کە تۆمەتباری سەرەکیی تێرۆری دکتور قاسملووە و فەرمانی گرتنی نێودەوڵەتی لەسەرە، “سووکایەتییەکی ئاشکرایە بە ئەمریکا و قوربانیانی تێرۆر.”

باس لەوەشکراوە، سەرپەرشتیکردنی شاندەکە لەلایەن “محەممەد باقر قالیباف” کە فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانە، دەری دەخات کە تاران دیپلۆماسی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ “سەرکوت و پەرەپێدانی پڕۆژە ناوکی و مووشەکییەکان” بەکار دەهێنێت.

حیزبی دیموکرات هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، کۆماری ئیسلامی دانوستان بۆ چارەسەر ناکات، بەڵکو بۆ “کاتکڕین و نۆژەنکردنەوەی تواناکانیەتی” بۆ بەردەوامبوون لە سیاسەتە وێرانکەرەکانی.

حدکا رەخنەی توند لە واشنتۆن دەگرێت و دەڵێت، دانوستان لەگەڵ پێکهاتەیەکی وەها بە واتای شەرعییەت‌دانە بە “سیاسەتی تێرۆر و بارمتەگرتن”، لە کاتێکدا ئەمریکا خۆی سوپای پاسدارانی وەک رێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە.

” ئاشتیی راستەقینە لە ناوچەکەدا تەنیا لە رێگەی “کۆتایی‌هێنان بە پارێزبەندیی تێرۆریستان، چەسپاندنی دادپەروەری و رووخانی کۆماری ئیسلامی” دێتە دی، نەک ساتوسەودای سیاسی”، حدکا وا دەڵێت.