هەر مسقاڵێک زێڕ 50 هەزار دابەزی
زێڕنگەرێک: ئەوانەی بەتەمای هاوسەرگیرین خێرا بکەن
دیلان محەمەد جەزا-سلێمانی
ماوەی چەند رۆژێکە نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا رووی لە دابەزین کردووە و زێڕنگەرێکیش دەڵێت، نرخەکەی جێگیر نییە.
حاجی محەمەد حسێن، زێڕنگەرێکی شاری سلێمانییە و لەبارەی دابەزینی نرخی زێڕەوە بە 964ی وت، نرخەکەی جێگیر نییە و ئەوانەی بەتەمای هاوسەرگیرین تا زوو بێن بۆ کڕینی زێڕ درەنگە، چونکە نرخەکەی بەرزدەبێتەوە.
وتیشی، لەچاو مانگی رابردوودا هەر مسقاڵێک نزیکەی 50 هەزار دابەزیوە و لەوانەیە زیاتریش دابەزێت.
زێڕنگەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئەتوانێت زێڕ بکڕێت با بیکڕێت چونکە زەرەری لێ ناکات و لە ئێستاشدا کە ئەڵێن نرخی لیرە دابەزیوە ئەوە بە رێژەیەکی کەمە ئەگینا نرخی لیرە قەت وەکو جارانی لێ نایەتەوە.
“زۆربەی زێڕنگەرەکان بە نرخی رۆژ زێر نافرۆشن بەهۆی ناجێگیری نرخەکەی و ئەگەر وا نەکەن ئێمە لەزەرەردا دەبین، چونکە جاری وایە تا وەسڵەکە دەکەین بۆ کڕیار نرخەکەی بەرزدەبێتەوە.” زێڕنگەرەکە وای وت.
پێداچوونەوە: شیرین ساڵح