گەورەترین کێشەی بەردەم ئەمریکا

چ هێزێك وای لە ئێران كردووە خۆی بە خاوەنی تەنگەی هورمز بزانێت؟

فەرهاد حەسەن

یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی كە ئێران و ئەمریكا لە دانوساندنەكەی ئیسلام ئاباد قسەی لەسەر دەكەن، تەنگەی هورمزە، چ نهێنییەك لە پشتی ئەو هێزەیە كە وای لە ئێران كردووە كۆنتڕۆڵی تەنگەی هورمزی لە ژێر دەستدابێت؟ ئەی بۆ چی ئەمریكا پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە نابێت ئێران بە تەنیا كۆنترۆِڵی تەنگەكە بكات و دەڵێت پێویستە بەهاوبەشی لەگەڵ سەڵتەنەی عومان ئەو كارە بكرێت.

تەنگەی هورمز ناوی ئەو رێڕەوە ئاوییە جیهانییە كە 20% ـی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، هەرچەندە دوورگەیەكی بچووك لەو ناوچەیە هەیە بەناوی هورمزەوە بەڵام بەتەنیا لەو دوورگەیەكەوە ئێران ناتوانێت ئەو دەسەڵات و هەیمەنەیەی كە لەسەر رێڕەوە ئاوییەكە هەیەتی لەوێڕا كۆنتڕۆڵی بكات، كەواتە هێزی ئێران لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە كە بتوانێت دەسەڵاتەكانی بەسەر تەنگەی هورمزەوە هەبێت؟

بێگومان حەوت دوورگەی ئێرانی هەن كە وایكردووە هێز و دەسەڵاتی بەسەر تەواوی رێڕەوە ئاوییەكەدا هەبێت.

یەكەمیان دوورگەی قەشم، كە بە کلیلی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز دادەندرێت و یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکانی کۆنترۆڵی دەریایی لە جیهاندا، راستەوخۆ دەڕوانێتە سەر رێڕەوەكە بەتایبەتیش لەو شوێنەی کە دەریا لە نێوان ئێران و عومان تەسک دەبێتەوە.

ئەمە گەورەترین دوورگەیە لە کەنداو، درێژییەکەی زیاتر لە 120 کیلۆمەترە و رووبەرەکەشی نزیکەی هەزار و 500 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

پێشتر پارچە زەوییەكی بەتاڵی ئەو ناوچەیە بووە، بەڵام لە ماوەی دەیەکانی رابردوودا، گۆڕاوە بۆ بنکەیەکی سەربازیی پێشکەوتوو و دامەزراوەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی تێدا  بڵاوبوونەتەوە، کە بنکەی بەلەمی خێرا، کۆگای چەک و سەکۆی هاویشتنی مووشەکی دژە کەشتی لەخۆ دەگرێت.

لە دوورگەی قەشمەوە، مووشەکەكان دەتوانن زۆربەی ئاوەکانی تەنگەی هورمز و ناوچەکانی دەوروبەری کەنداو دابپۆشن، بەمەش هەر کەشتییەکی سەربازی یان نەوتهەڵگرێک کە بەم ڕێڕەوەدا تێپەڕێت، خۆی لەبەردەم مەترسیی ئاگردا دەبینێتەوە.

ئێستا ئەم دوورگەیە، تۆڕێکی رادار و سیستەمی چاودێریی ئەلیکترۆنی لەخۆگرتووە، کە چرکە بە چرکە چاودێری جوڵەی دەریایی دەکات، هەر نەوتهەڵگرێک، هەر کەشتییەکی سەربازی و هەر جوڵەیەک لە ناوچەکەدا هەبێت، دەتوانرێت لەم خاڵە ستراتیژییەوە بدۆزرێتەوە.

بەڵام ئەو كۆنترۆڵكردنەی ئێران كە باسی دەكەین بەتەنیا لە دوورگەی قەشمەوە ناكرێت، بەڵکو بەشێکە لە رێگەی تۆڕە دوورگەیەكی ئێرانی کۆنترۆڵەكە كراوە، ئەوانیش بریتین لە: دوورگەكانی هورمز، لارک، هەنگام، لەگەڵ سێ دوورگەی دیكەی ئیماراتی كە ئێران دەمێكە کۆنترۆڵی کردوون و بریتین لە دوورگەكانی ئەبومووسا، تونبی گەورە، تونبی بچووک.

ئەم دوورگانە بەگشتی ئەوە پێکدەهێنن کە لە رووی سەربازییەوە بە “کەوانەی بەرگریی ئێران” دەناسرێت چونكە دەوری تەنگەی هورمزیان داوە، ئەمەش توانایەکی ستراتیژیی گەورەی بە تاران داوە و دەتوانێت بە ئاسانی چاودێری هاتوچۆی کەشتییە جەنگییەکان و نەوتهەڵگرەکان بكات، چونكە بەهۆی بەرتەسكبوونەوەی رێڕەوەکە، کەشتییە زەبەلاحەکان ناچارن بە تەنیشت ئەم دوورگانەدا تێپەڕن، ئەمەش وایان لێدەکات بکەونە ژێر رەحمەتی مووشەک، بەلەمی خێرا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای پاسداران، كە شارەزایان بەم دوورگانە دەڵێن “فڕۆکەهەڵگری جێگیر” و نوقم نابن.

لێرەوە ئێران ستراتیژییەکی دەریایی جیاواز لە سوپا تەقلیدییەکان جێبەجێ دەکات. لەبری پشتبەستن بە کەشتیگەلێکی زەبەلاح کە رەنگە نەتوانێت بەرگەی هێزی وڵاتە زلهێزەکان بگرێت، هاتووە پشتی بەو حەوت دوورگەیە بەستووە، كە شارەزایانی سەربازی و ئەمنی، دوورگەكانیان بە “تاکتیکەکانی جەنگی نایەکسان” ناساندووە.

لەم حەوت دوورگەیە، ئێران بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز پشتی بە بەلەمی خێرای بچووک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چاندنی مینی دەریایی بەستووە، جا بە پێی راپۆرتەکان ئەمریکا لێکۆڵینەوەی لە سیناریۆی کۆنترۆڵکردنی ئەم دوورگانە كردووە، بەتایبەتیش ئەگەر هێرش بکاتە سەر دوورگەی “خارگ” کە ٩٠٪ی نەوتی ئێرانی لێوە هەناردە دەکرێت.

كەناڵی  CNNلە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە رەنگە واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی دابەزینی دەریایی و ئاسمانی لەسەر دوورگەکان، پێنج هەزار سەرباز لە یەکەکانی “مارینز” و “فرقەی ٨٢ی ئاسمانی بنێرێت و لە رێگەی کەشتیی دابەزینی خێرا و فڕۆکەی “ئۆسپری” و هێلیکۆپتەرەوە كارەكەی ئەنجام بدات، بەپێی خەمڵاندنە سەربازییەکانیش کۆنترۆڵکردنی ئەم دوورگانە لە نێوان دوو ڕۆژ بۆ دوو هەفتە دەخایەنێت.

بوونی ئەم حەوت دوورگەیە وایكردووە كە ئێران بەرگرییەكی پەرشوبڵاو لە تەنگەی هورمز دروست بكات و دەسەڵاتی رەهای خۆی بەسەر تەواوی رێڕەوە ئاوییەكە بسەپێنێت، بێگومان ئەمەش گەورەترین کێشەیە لەبەردەم ئەمریکادا.