دوێنێ شەو چی روویدا؟

ئاگرەکەی کەرکوک عەزابی قەبر نەبوو و ئەمریکا و ئێرانیش تێکیان هەڵپێچاوە

ژێوار خدر

ئەگەر ئاگاداری رووداو و پێشهاتە گرنگەکانی چەند کاتژمێری رابردوو نەبووی، کورت و پوخت لە دوێنێ شەوەوە تا ئەم بەرەبەیانە هەرچییەک لەناوخۆ و دەرەوە روویداوە لێرە بیخوێنەوە؛

📌شەوی رابردوو لە ناو گۆڕستانی سەید عەلاوی کەرکوک ئاگر کەوتەوە، هەرزوو تیمەکانی بەرگری شارستانی و بەڵگەی تاوان و بنکەی پۆلیسی قۆریە چوونە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کوژاندەوە.

📌پۆلیسی پارێزگای کەرکوک لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، دوای پشکنینی ورد و لێکۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت کە ئاگرەکە لە ئەنجامی گڕگرتنی پاشماوەی کەڵەکەبوو لە گۆشەیەکی گۆڕستانەکە سەریهەڵداوە و دواتر دوکەڵ و بڵێسەی ئاگر لە ژێر ئەو پاشماوەیەوە دەرچووە.

📌بە بڕیاری قایمقامی دەربەندیخان بۆ لەمەودوا نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو لە شەواندا دادەخرێن و لەمشەوەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

📌بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لەگەڵ کرێکارانی بیانی و خزمەتگوزاری ماڵان قەدەغەکراوە.

📌فەرماندەیی گشتیی سوپای ئوردن رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی 18مووشەکی بالیستیی ئێران، کە ئاراستەی وڵاتەکە کرابوون، تێکبشکێنێت.

📌لە تازەترین راگەیەنراویدا سوپای پاسداران دەڵێت، هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی ئەمریکا و هەشت نەوتهەڵگر و 10 کەشتی دیکە کە ویستوویانە بە سنووری ئاویی گەرووی هورمزدا تێپەڕن و سوپای پاسداران بە سەرپێچیکار ناوی بردوون.

📌هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە موشەکی بالیستی هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی (ئەزرەق)ـی ئەمریکی لەناو خاکی ئوردن.

📌میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، ئەو دەنگی تەقینەوانەی لە دەوروبەری دیمەشق دەبیسترێن و ئەو مووشەکانەی لە ئاسماندا دەبینرێن، بەهۆی بەرپەرچدانەوەی مووشەکە ئێرانییەکانە لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئوردنەوە.

📌فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم): وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا، پێنج تانکەری نەوتی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان لەناوبردووە.

📌میدیای ئیسرائیلی: دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییە ئێرانییەکان، مووشەک لە ئێرانەوە بەرەو ناوچەکە هەڵدراون.

📌مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دایە ئێران و رایگەیاند، هەر هەوڵێکی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، وەڵامەکەی لەناوبردنی تانکەرە نەوتییەکانی ئێران دەبێت.

📌سکای نیوزی عەرەبی: ئیسرائیل بە فەرمی بە کۆنسوڵخانەی بەریتانیای لە قودسی رۆژهەڵاتی راگەیاندووە کە دەبێت دایبخەن و مۆڵەتی دیپلۆماتکارەکانیشیان لە ماوەی 30 رۆژدا هەڵدەوەشێنێتەوە.

📌ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆدا نرخی نەوتی برێنت بۆ هەر بەرمیلێک زیاتر لە دۆلارێک بەرزبووەوە.

📌سێنتکۆم: لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا سوپای پاسدارانی ئێران دوو جار بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا.

📌سێنتکۆم: ئێران ئەم تانکەرە نەوتیانەی وەک بەشێک لە تۆڕێکی نهێنی بە بەهای چەندین ملیار دۆلار بەکارهێناوە بۆ دابینکردنی پارە بۆ سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە خۆی لە ناوچەکەدا.

📌دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا دەڵێت، بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکەوە، کەشتییەک لەلایەن لایەنێکی نەناسراوەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

📌دادگای باڵای ئەمریکا داوای ویلایەتی ‘میزۆری’ بۆ بەکارهێنانی نەخشەی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن، کە لەلایەن کۆمارییەکانەوە کێشرابوو بۆ هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی پەرلەمان لە مانگی تشرینی دووەمدا، رەت کردەوە