ئەمریکا و ئێران
لە ئیسلام ئاباد
میدیاى ئێرانى: دانوستان دەستیپێکرد
964+
وریا فەتاح
لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، خولێکی نوێی دانوستان لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری لایەنی پاکستانی دەستیپێکرد. کۆبوونەوەکان دوای زنجیرەیەک راوێژی چڕ دێن بۆ یەکلاکردنەوەی چەند پرسێکی هەستیار.
میدیاى ئێران باس لەوە دەکات دوو تەوەرى سەرەکى لە گفتوگۆکاندا تاوتوێ دەکرێن کە ئەمانەن:
یەکەم: لایەنی ئەمریکی رەزامەندی نیشانداوە بۆ ئازادکردنی بەشێک لە دارایییە بلۆکەکراوەکانی ئێران، لە ئێستاشدا گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغی تەکنیکی و وردەکاریی چۆنیەتی گواستنەوەی پارەکان.
دووەم: تاران پێیوایە هێشتا ئاگربەست لە لوبنان بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە. شاندی ئێرانی داوای لە ئەمریکا کردووە فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی پابەندی رێککەوتنەکە بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی هێرشەکان بۆ سەر بیروت و ناوچەکانی باشوور سنووردار کراون.
شاندی دانوستانکاری ئێران رایانگەیاندووە، بەهۆی “ئەزموونی خراپ و بەڵێن شکێنییەکانی پێشووی ئەمریکا”، بە گومان و بێ متمانەییەوە بەشدارییان لەم خولەی وتووێژەکاندا کردووە، کە لە رێگەی ژووری ناڕاستەوخۆ و نێوەندگیری پاکستان بەڕێوەدەچێت.