راوچییەکان تۆڕەکانیان بەجێهێشت و هەڵهاتن

دەربەندیخان؛ دەست بەسەر 185 ماسی راوکراودا گیرا

ژێوار خدر

لە سنووری دەریاچەی دەربەندیخان دەست بەسەر 185 ماسی دا گیرا کە بە نایاسایی راوکرابوون، سەرپێچیکاران بەهۆی بینینی مەفرەزەکانی پۆلیس، ماسییەکان و تۆڕەکانیان بەجێهێشتووە و هەڵهاتوون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان لە کاتی گەڕان و پشکنینی سنووری دەریاچەکەدا توانیویانە دەست بەسەر ئەو ماسییانەدا بگرن، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانجیان رێگریکردنە لەو سەرپێچیکارانەی زیان بە سامانی ماسی دەگەیەنن.

دەشڵێت، راوچییەکان لە کاتی بینینی پۆلیس رایانکردووە و لە دوای خۆیان، جگە لە ماسییەکان، یەک تۆڕی ماسیگرتنی جۆری ساچمەیان بەجێهێشتووە، و ئێستا پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە رێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی پێویست لە دژی سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.