"خۆشەویستی هەمووانە"

خاوەن پێداویستی تایبەتە و بووەتە مجێوری مزگەوت

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

حاجی رەنجە گەنجێکی سلێمانییە و دیاردەی داونی هەیە بەهۆی ئیشکەری و خەمخۆرییەکەیەوە کردوویانە بە مجێوری مزگەوتی گەڕەکەکەیان و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکەیە، باوکی رەنجە دەڵێت، رۆژێک دیار نەبێت تەلەفۆنی بۆ دەکەن و هەواڵی دەپرسن.

بەکر حسێن، مجێوری مزگەوتی شارباژێڕە لە سلێمانی بۆ 964 قسەی کرد و وتی، رەنجە کوڕێکی زۆر شیرین و چاکەکار و ئیشکەرە و هەرچی ئیشی مزگەوت هەیە دەیکا و بۆیە کردوومانە بە مجێوری مزگەوتەکە و خۆشەویستی هەموومانە.

کەمال حەمە کەریم، باوکی رەنجە و دەڵێت، لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە زۆر بە خزمایەتییە و زۆر حەزی بە سەردانیکردنی نەخۆشە و لە پرسەی هەموو دۆست و ناسیاوێکیش ئامادەیە، ئەوە جگەلەوەی سەرەڕای ئەوەی خوێندەواریشی نییە شارەزاییەکی باشی لە مۆبایل و کۆمپیوتەردا هەیە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانێشەوە زۆر حەزی بە چاودێری کردنی هەواڵ و کەشوهەوایە.

باوکی رەنجە باس لەوەش دەکات، کە ماوەیەک رەنجە لە زانکۆش لەگەڵ خۆیدا وەک فەرمانبەری خۆبەخش کاری کردووە و هەر ئیشێک هەبووبێ کردوویەتی و بەیەکەوە عومەرەشیان کردووە و هەر لەبەر ئەوەشە پێی خۆشە بە حاجی رەنجە بانگی بکەن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر