"رۆژی یەکشەممە دابەش دەکرێت"
پارەی موچەی مانگی 3 گەیشتە کوردستان
964+
شۆڕش قادری
پارەی موچەی مانگی 3ـی موچەخۆرانی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و بڕیارە رۆژی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.4.2026 بڕی 957 ملیار و 122 ملیۆن دینار وەک شایستەی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئازار خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی ئەوەی پارەکە لە کۆتایی دەوامی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق داخڵی سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم بووە، وەرگرتنی پارە لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە و راستەوخۆ هەمان رۆژ دوای وەرگرتنی پارەکە، دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی موچەی مانگی ئازار، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ بڕی 21 ملیار و 407 ملیۆن و 595 هەزار و 375 دیناری لە تەمویلی موچەی مانگی ئازار نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی موچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.