فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی راكێشانی موچەكانیان لە ئامێرەكانی هەژماری من
راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق:
“عێراق ئەگەر موچەی پێ دابین نەکرێت، پارە قەرز دەکات”
ئەرسەلان عەبدوڵا
راوێژکاری ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاند، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، دوو مانگی دیکە کاریگەریی بەسەر عێراقەوە دەبێت، ئەگەریش بەم جۆرە بەردەوام بێت، کێشە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران دروست دەبێت و عێراق ناچاردەبێت لە ناوەخۆ قەرز بکات.
مەزهەر محەمەد ساڵح بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی وت، “پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری گشتی وڵات هەیە، بەڵام ئەمە هێشتا دیار نییە، چونکە نەوت هەناردە دەکرێت و دواتر نرخەکەی دیاری دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “کاریگەرییەکان لە نزیکەی دوو مانگی داهاتوودا دەردەکەون، لە دەوروبەری مانگی ئایار یان حوزەیران، بەهۆی وەستانی هەناردەکردن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەکلاییکردنەوە روودەدات، چونکە خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن ململانێیەکان زۆرترین کات چوار مانگ دەخایەنێت”.
“حکومەت هیچ بژارەیەکی دیکەی نییە جگە لە پەنابردن بۆ قەرزکردن بۆ پێدانی موچە و جێبەجێکردنی ئەرکە دەرەکییەکان”، مەزهەر محەمەد ساڵح وای وت.
روونیشیکردەوە، “عێراق لە ماوەی ئەو دوو مانگەی باسمان کرد، بە قۆناغێکی خۆپارێزی تێدەپەڕێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر موچە و خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی دەبێت”.
راوێژکارەکەی سودانی دەڵێت، یەکێک لەو چارەسەرانەی کە حکومەت دەیگرێتەبەر قەرزی ناوخۆییە، هاوکاریش لەنێوان دەسەڵاتی دراوی و داراییدا هەیە، چونکە یەدەگی عێراق باشە و رێگەی پێدەدات قەرز بکات.
لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە “یەدەگی دراوی عێراق پاڵپشتی لە توانای بەدەستهێنانی قەرزی ناوخۆیی دەکات، کە ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت، بەڵام عێراق کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نابێت ئەگەر ئەم قەیرانە بۆ ماوەی چوار بۆ پێنج مانگیش بەردەوام بێت”.