“یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانی بووەتە چاییخانە”

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

سەدا ٨٠ی ئەندامەکانی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان مایەپووچ بوون، ئۆفیسەکەیان زیاتر لە چاییخانە دەچێت، بە قسەی وتەبێژەکەی خۆیان.

بڵند جوامێر، وتەبێژی لقی سلێمانی یەکێتییەکە هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ خەرج نەکردنی پارە لەلایەن حکومەت.

لە کۆی هەزار و ٢٣٦ ئەندامیان، نزیکەی هەزار کەس مایەپووچ بوون.

بڵند جوامێر بۆ میدیازانی باسکرد، “لە دوای ساڵی ٢١٠٩ و پێکهێنانی کابینەی نۆیەم بەڵێنمان پێدرا کاری خۆمان بکەین و خەمی پارەمان نەبێت، بەشێکی زۆر لە بەڵێندەران دەستیان بە کارکردن کردەوە، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت پارە راگیرایەوە و کۆرۆناش هات بەسەریدا”.

بە قسەی ئەو، دەیان بەڵێندەری پێشوو هەن کە تەنیا بۆ چایی خواردن سەردانی لقەکەیان دەکەن و هیچ ئیش و کارێکیان نەماوە، “جگە لەوەی دەیانی دیکە توشی خەمۆکی بوون و سلێمانیان بۆ شارەکانی دیکە یان دەرەوەی وڵات جێهێشتووە”.

بەڵێندەر ئەوانەن کە بەڵێنی جێبەجێکردنی پرۆژەیەک دەدەن لە رێگەی تەندەرەوە، دواتر کەلوپەل و ستافەکان دابین دەکەن و پارە خەرج دەکەن، بە ئومێدی ئەوەی حکومەت و وەزارەتی پەیوەندیدار پارەیان بۆ خەرج بکەنەوە.

میدیازان پەیوەندی بە سەرۆ دزەیی کرد، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان، ئەو رەتیکردەوە رێژەی مایەپووچ بوون ئەوەندە زۆر بێت لە هەولێر.

سەرۆ دزەیی پێی وتین، “راستە قەیرانەکە گشتیی بووە، بەڵام مایەپووچ بووەکان زیاتر لە دەڤەری سلێمانین، چونکە دوای ئەوەی کە چەکی بانکیش وەردەگرن، هێشتا پارە نییە لە بانکەکاندا”.

مایەپووچبونی بەڵێندەران مانای بێ کاری و راوەستانی پرۆژەکانیش دەگەیەنێت، هەروەکو بەرزان حامید، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، بە تەنیا لە سلێمانی و دەوروبەری ٨٧٠ پرۆژە راگیراون.