"دەبێت دەربکرێن"
چ شەڕبێت چ ئاشتى؛ هێزەکانى رۆژهەڵات گۆشتى قوربانین
964+
وریا فەتاح
هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان کە بنکە و بارەگاکانیان لە باشوورە، ئەوانیش تەنیا لە لێدوانە سیاسییەکانى بەرپرسانى ئەمریکا و ئێرانە و تەلەفزیۆنەوە ئاگادارى ئاگربەستن، بەڵام وەکخۆیان دەڵێن، شەڕ بێت یان ئاشتى، ئەوان ئامانجن و ئێران لێیان دەدات.
بە وتەى، ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە بۆ 964 قسەى کردووە، “کاتێک شەڕ دەستیپێکرد پرس بە هێزەکانی رۆژهەڵات نەکرا، ئێستاش کە ئاگربەستە هەمدیسان پرسیان پێ نەکراوە، بەڵام لە کاتی شەڕدا بێ ئەوەی لایەنێک بین تێیدا، لەلایەن ئێرانەوە بۆردومانکران.”
پەناهی ئاماژەی بەوەش کرد، دوێنێ چوارشەممە سەرکونسوڵی ئێران لە هەولێر داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە هێزەکانی رۆژهەڵات لە هەرێم دەربکرێن، بەو بیانووەی ئەو هێزانە لە ناو “معادەلاتی شەڕ”دان، بەڵام ئەو سەرکردەیەی کۆمەڵە ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت “ئێمە بەشێک نین لەو شەڕە.”
بەوتەى ئامانج زیبایى، ئەندامى سەرکردایەتى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، لە دواى ئاگربەست، شەوی رابردوو هیچ هێڕشێکیان نەکراوەتەسەر، لە کاتێکدا تەنیا لە ماوەى شەڕەکەدا 120 هێرشى درۆنى و موشەکى کراوەتە سەر کەمپ و بارەگا مەدەنییەکانى دیموکرات.
بەلاى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانەوە، شەڕ بێت یان ئاگربەست، هەمیشە لە دۆخێکدان کە ئامانجى ئێرانن، حزبى دیموکرات کە لە 2018 هێرشى چڕیان کراوەتەسەر هێشتا لە یادەوەریاندا ماوە و وەک ئەوەى ئامانج زیبایى دەیڵێت: هەمیشە لە بەردەم ئەوەدان لەلایەن ئێرانەوە لێێان بدرێت.
وەک ئەوەى بەرپرسانى هێزەکانى رۆژهەڵات باسى دەکەن، ئەوان وەک گۆشتى قوربانیان لێهاتووە، ئاشتی بێت یان شەڕ، هەر لێیان دەدرێت و رەوایەتیش بە لێدانەکەیان دەدرێت.