قائیمقامى کۆیە بۆ 964:
لە هێرشەکەى سەر کەمپى زەوییە سپى سێ کەس بریندار بوون
964+
دەریا ئەحمەد- کۆیە
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە رێگەی درۆنێکی خۆکوژەوە هێرشکرایە سەر کەمپی (زەویە سپی) لە قەزای کۆیە کە تایبەتە بە نیشتەجێبوونی پەنابەرانی سیاسیی کوردانی رۆژهەڵات، بەهۆیەوە سێ ئەندامی یەک خێزان بریندار بوون.
تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە لە لێدوانێکدا بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: “کاتژمێر 6:55 خولەکی ئەم ئێوارەیە، درۆنێکی خۆکوژ هێرشی کردە سەر کەمپەکە. هەرچەندە بە شێوەیەکی گشتی ماڵەکانی ناو ئەو کەمپە چۆڵکراون، بەڵام درۆنەکە ماڵی هاوڵاتییەکی کردووەتە ئامانج کە رێک لەو کاتەدا خێزانەکە (پیاوێک، هاوسەرەکەی و منداڵێکیان) بۆ سەردانی ماڵەکەیان گەڕابوونەوە ناو کەمپەکە.”
سەبارەت بە رەوشی تەندروستیی بریندارەکان، قایمقامی کۆیە دڵنیایی دا کە برینەکانیان سووکە و پاش وەرگرتنی چارەسەری پێویست، لە ماوەیەکی کورتدا نەخۆشخانە جێدەهێڵن.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964لە کاتی رووداوەکەدا، دەنگێکی گەورەی تەقینەوە لە کەمپەکە بیستراوە و دواتر ئاگر و دووکەڵ لە شوێنی ئامانجکراوەکە بەرزبووەتەوە.
لە سەرەتای دروستبوونی گرژییەکانەوە تا ئێستا، ئەمە شەشەمین جارە هێرش دەکرێتە سەر سنووری کۆیە، بەڵام ئەمە یەکەمین جارە کەمپی (زەویە سپی) دەکرێتە ئامانج.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح