گەرووی هورمز - وێنە: ئاژانسەکان
دۆخەکە شلۆقە
گەرووی هورمز داخرا؛ ئێران هەڕەشەی کشانەوە لە ئاگربەست دەکات
وریا فەتاح
دۆخی ناوچەکە جارێکی دیکە ئاڵۆز دەبێتەوە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئێران هاتوچۆی کەشتییەکانی لە گەرووی هورمز راگرت و هەڕەشەی تێکشکاندنی هەر کەشتییەک دەکات کە بەبێ مۆڵەت تێپەڕێت.
ئاژانسی “فارس” رایگەیاند، تێپەڕبوونی نەوتهەڵگرەکان بە گەرووی هورمزدا راگیراوە. هێزی دەریایی ئێرانیش هۆشداری داوە کە هەر کەشتییەک بیەوێت بەبێ رەزامەندی تاران تێپەڕێت، “دەکرێتە ئامانج و تێکدەشکێندرێت.”
ئاژانسی “تەسنیم” بڵاویکردەوە، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان رانەگرێت، ئێران بە فەرمی لە رێککەوتنی ئاگربەست دەکشێتەوە.
لە کاتێکدا پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا دەڵێت گەرووەکە کراوەیە، بەڵام سەرچاوە ناوخۆییەکانی ئێران و ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستی دەکەنەوە کە رێڕەوەکە داخراوە و رەنگە سبەینێ یان دووسبەی بە شێوەیەکی “سنووردار” بکرێتەوە.
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەیرووتی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی لوبنان، کە سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.